قەیرانی پەنابەری، ڕێگا چارەیەک کە ڕێگا چارە نییە


2017-11-15| ۱۳۹۶-۰۸-۲۴

بە بێ ئیغراق، دەکرێ بڵێین کە لانیکەم لە دوو سێ ساڵی ڕابردوودا سەرانی یەکێتی ئوروپا و یان وەزیرانی نێوخۆیان دەیان کۆنفڕانسیان بۆ زاڵ بوون بەسەر قەیرانی پەنابەریدا بەڕێوەبردوە. ئەوان هەموو جارێک لە کۆتایی هەر کۆبونەوەیەکیاندا دێنە بەردەم دوربینەکان و بێ شەرمانە ئیدعا دەکەن کە ڕێگا چارەی زاڵ بوون بەسەر قەیرانەکەیاندا دۆزیوەتەوە. بەڵام ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌م قه‌یرانه‌ ڕێككه‌وتێنیكیان نه‌بوو. لەم مەودایەدا گەلێک بورج و بارویان بە دەوری قەڵای ئوروپادا کێشاوە، کەشتیە جەنگیەکانیان ڕەوانەی ئاوەکانی مەدیتەرانە کردوە، لەگەڵ ڕژیمە کۆنەپەرستەکانی وڵاتانی ئافریقایی قەراردادی گەڕاندنەوەی پەنابەرانیان بەستوە، کەمپی پەنابەرییان لە لیبی، سودان، و نیجێریە دروستکردووە، هۆشداریان داوەتە کەشتی سازمانە غەیرە دەوڵەتیەکان و یان ده‌ستیان به‌سه‌ر هێندێکیاندا گرتوە، قەراردادی میلیاردیان لەگەڵ جەنایەتکارانێکی وەک ئۆردوغان ئیمزا کردوە تا ڕێگای چوونی پەنابەران بۆ یۆیان دابخەن. گشت ئەم سیاسەت و کردارە دژی ئینسانیانە لەژێر ناوی خەبات لەدژی " قاچاخچیەکان" بانگەواز دەکەن و بە ڕەزایەتەوە هەواڵی کەم بوونەوەی پەنابەران بۆ ناوەندی ئوروپا دەکەن. واقعیەت بەڵام وێنایەکی تر دەر ئەخات. هەر ئەم حەفتەی ڕابردوو پزشکانی بێ سنور کە لەگەڵ کەشتیەکی ڕزگارکەری پەنابەران لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا لە ڕێدا بوون، باسیان لە نوقم بوونی بەتەواوەتی بەلەمێک کرد. سەرنشینەکانی دوو بەلەمی تر کە ڕزگاریان ببوو خەبەریاندا کە هەر سێ بەلەمەکە لە وڵاتی شەر لێدراوی لیبیەوە دێن. بەپێی ڕاپۆرتی "سازمانی جیهانی کۆچبەران" لە ماوەی ئەمساڵدا دوو هەزار و ٩٢٥ ژن و پیاو و منداڵ بوونەتە خۆراکی شەپۆلە خورۆشاوەکانی دەریا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی حەوتوی ڕابردودا دوو هەزار و ٦٠٠ کەس بە سڵامەتی دەرچوون، ٣٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و چارە نووسی ٥٠ کەسیش نا دیارە.

ئێستا نزیک بە ساڵێکە کە یەکیتی ئەروپا قەراردادی "شینگێن"ی سەبارەت بە هاتوچۆی ئازادی لە سنورەکانی نێوخۆی ئوروپای هەڵپەساردوە. لە حاڵێکدا کە بەپێی کۆنوانسیۆنی ژنێڤ، وڵاتانی ئوروپایی موەزەفن بە قەبوڵ کردنی بەپابەران. ئەوەی کە رۆژی سێشەممە ٧ی نوامبر بەرابەر بە ١٦ی خەزەڵوەر لە لایەن کوموسیۆنی ئوروپاوە لەژێر ناوی "دوبلینی ٣"دا، کە ناوی بێ موسەمای ڕیفۆڕم لە یاسای "دەبلین"ی یەک و دووی لەگەڵ خۆی هەڵگرتوە، تەرحکراوە، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە پراتیکی بەرەو پێش چوو لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە حەرەکەت لە قەراردادی دوبلینەوە لە هەمان سەرەتادا تۆوی شکستی لەگەڵدا بوو. بەپێی ئەم قەراردادە پەنابەران موەزەف بوون لە یەکەم وڵات لە یەکێتی ئوروپا کە دەیگەنێ داوای پەنابەرێتی بکەن. بەڵام هەمان مانگەکانی سەرەتا دەرکەوت کە نە یۆنان و نە ئیتالیا وەک خاریجی ترین سنورەکانی یەکێتی ئەروپا بە هیچ شێوەیەک لە بارودۆخێکدا نین کە ئیمکاناتی حقوقی و لۆجستیکی بۆ جێگیر کردن و قەبوڵ کردنی پەنابەرانیان هەبێت. لە هەموو ئەم ساڵانەدا دامەزراوەکان و وڵاتانی ئوروپایی چاوی خۆیان بەرانبەر بە بارودۆخی فەلاکەتباری پەنابەران لە کەمپەکانی ئیتالیا و یۆنان نوقاندوە و بایەخێک بە هاوار و نارەزایەتیەکانیان نادەن. لە ڕاستیدا ساڵی ٢٠١٥ ئیتالیا و یۆنان سنورەکانیان بۆ ڕۆیشتنی پەنابەران لە وڵاتەکانیان بەرەو باقی وڵاتانی ئوروپایی کردەوە و بە کردەوە خاڵی کۆتاییان لەبەردەم قەراردادی دوبلین دانا.

تەرحی ئێستای کۆمسیۆنی ئوروپا هیچ شتێک نییە بێجگە لە گەڕانەوە بۆ هەمان تەرحی یەکەم لەگەڵ گەلێک مەحدودیەتی زیاتر بۆ پەنابەران بۆ چوون بەرەو یەکێتی ئوروپا. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە لە هەمان یەکەم رۆژەکانی چوونی پەنابەرانەوە بۆ ئیتالیا و یۆنان بە بارودۆخیان ڕابگەن و تەنیا کاتێک دەنێردرێن بۆ کەمپی دایم کە لە وڵاتانی ئەمنەوە نەهاتبن. لە یەکساڵی ڕابردوودا یەکێتی ئوروپا سەرجەم وڵاتانی لێوارەی مەدیتەرانە کە ڕێگای تێپەڕ بوونی پەنابەرانن بەرەو ئوروپا، وەک وڵاتانی ئەمن ڕاگەیاندوە و یان بەپێی قەراردادێکی کە لەگەڵ ڕژیمە کۆنەپەرست و سەرکوتە گەرەکانی ئەو وڵاتانە، گەلێک زیندانی گەورەیان لەژێر ناوی کەمپی پەنابەریدا لەو وڵاتانە دروست کردوە کە پەنابەران دەبێ لەنێو ئەو کەمپانەوە داوای پەنابەری لە وڵاتانی ئوروپایی بکەن. بارودۆخ لە کەمپەکانی یۆنان و ئیتالیاشدا خۆی داستانێکی دیکەیە لە ڕەنج و ئازاری بێ کۆتایی پەنابەران. لە دوڕگەی " لس بوس"ی یۆنان بۆ ٤ هەزار پەنابەر کە لە کەمپدان تەنیا ٤٠ وەکیل بوونی هەیە بۆ ئەوەی پەنابەران بچنەلایان. گومانی پشتیوانی یاسای گونجاو لە پەنابەران لە وەها بارودۆخێکدا هەڵبەت بێ سەمەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیک بە ٧٠ هەزار کەس لە یۆنان لە چاوەڕوانیدان تا بەڕێ بکرێن بۆ وڵاتانی ئوروپایی. ئەو ٧٠ هەزار ئینسانەی کە لە گەلێک حاڵەتدا دار و نەداری خۆیان بە هەزار ئاوات و ئارەزوەوە لە بەلەمێکی بادیدا داوەتە دەست شەپۆلە خورۆشاوەکانی دەریا و ئەگەر شانسیان هەبێت خۆیان بگەیەننە یۆنان. بەشێکی بەرین لەوان کە کۆڵێک نیگەرانی و ئازاری رۆحی لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن زۆربەیان خەڵکی عێڕاق، سوریە و ئەفغانستانن. ئەو وڵاتانەی کە شەڕە نیابەتی و قەومی و مەزهەبیەکان تێیاندا لەوپەڕی خۆی دایە. ئێستا بە نزیک بوونەوەی وەرزی سەرما، هەموو ئەوانەی کە لە نزیکەوە لەگەڵ بارودۆخی ئەم پەنابەرانە ئاشنان و تەنانەت بەرپرسانی دەوڵەتی لە دوڕگەی "ساماس" و " لێس بوس" بە دروستی هۆشداری مەترسیان داوە. نابێ لەبیر بچێتەوە کە تەنانەت بەر لە دەست پێکی وەرزی زستان، بارودۆخی زاڵ بەسەر ئەم جەزیریەدا فەلاکەت بارە. هەواڵنێری رۆژنامەی فەڕانسەوەی "لیبراسیۆن" لە حەفتەی ڕابردودا لە راپۆرتێکدا ئەم پرسیارەی تەرحکرد کە کێ ئامادەیە لە کەمپێکدا بژی کە هیچ ئامێرێکی گەرم کەرەوە و حەمامی تێدا نەبێت و پڕ بێت لە مار و دوپشک؟ ئەم هەواڵنێرە دەنووسێ ژنان لە یەک دوو حەوتوی ڕابردودا داوای پوشاکیان لە کاربەدەستان کردوە، هەڵبەت نەک بۆ منداڵەکانیان بەڵکو بۆ خۆیان لەبەر ئەوەی کە ئەوان ترسیان لەوەیە لە تاریکی شەودا لە ئاودەستەکانی نێو کەمپەکە کە جێگایەکی گونجاوە بۆ ئەو پیاوە سەڵتانەی کە هێرش دەکەنە سەر ژنان، کەڵک وەربگرن. لەگەڵ ئەوەشدا کە سیاسەتەکانی ڕیازەتی ئابووری کە لە لایەن یەکیتی ئوروپاوە بەسەر ئوروپادا سەپاون خۆی بە کردەوە گەلێک لە ساختارە کۆمەڵایەتیەکانی لە وانە دەرمانگا دەوڵەتیەکان و دەرمانخانەکانی تا ئاستی لەنێو چوون بردوە. بەهاسانی دەکرێ تەسەور بکرێت کە لە ئاوا بارودۆخێکدا کام پەنابەرە کە ئیمکانی سەردانی پزیشک و یان دەرمانکرانی خەم و ئازارە دەروونیەکانی دەبێت. بە ڕاشکاوی دەکرێ بڵێین کە تەرحی پێشنیارکراوی ئوپۆزسیۆنی ئوروپا ئاو لە هاوەندا کوتانە. لەم رووەوە ئێمە ماندو نابین کە بەردەوام بڵێین ڕێگا چارەی سەرمایەدارانە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی پەنابەریدا بوونی نییە لەبەر ئەوەی کە کارکردی ئەم سیستمە خۆی سەرەکی ترین هۆكاری شەڕە ناوچەییە قەومی و مەزهەبیەکان و لەنێو چوونی ژینگە و لە ئاکامدا لە شوێنی خۆ هەڵکەندرانی بە ملیۆن ئینسان و بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیانه.

دوایین وتاری رۆژ