سپای پاسداران و ئاوەدان كردنەوەی كوردستان

سەردار موحەمەد حوسین رەجبی فەرماندەی سپای پاسداران لە كوردستان رای گەیاند كە سپاە، جگە لە دابین كردن ئاسایش، بەرپرسیاتیێكی تری لە كوردستان لە ئەستۆ گرتووە كە بڕیتییە لە دامەزراندنی قەرارگایێك كە ئەركی گەشە پێدان و ئاوەدان كردنەوه بگرێتە ئەستۆ! پاسدار رەجبی وەكو هەموو كاربەدەەستانی گەورەو چكۆلەی كۆماری ئیسلامی، كاتێك باسی كوردستان دەكەن ناتوانن باس لە هەوڵ و تەقالا بۆ دابین كردنی "ئاسایش" لە كوردستان نەهێننە گۆرێ، ناتوانن خۆ لەو ڕاستییە دوور ڕاگرن كە ئەوان لە كوردستان ئاسایشیان نییە. كوردستان لای ئەوان هەمیشە بە ئاسایشەوە گرێی خواردووە وناوچەییكی ئەمنیەتییە. بەڵام با لە پێشدا بپرسین ئاخۆ نگەرانی ئەمنییەتی كۆماری ئیسلامی ڵە كوردستان چییە؟ دواتریش پرسیار دەكەین كه ئایا مەبەستی سوپای پاسداران له ئاوەدان كردنەوەی كوردستان چییه.

تو بڵێی مەبەستی كۆماری ئیسلامی له ئاسایش له كوردستان نیگەرانی هیرشی دەوڵەتانی دراوسێ بێت؟ وڵام ئەوەیه نەخەیر! سنورەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان وەك دراوسێی ئێران، مەترسیێك نین بۆ سەر ئیران. بە پێچەوانەوه ئەوە سپای قودسی ئێرانە كە بە دەست تێوەردان لە عیراق و كوردستانی عیراق بوەتە مەترسیێكی جیدی لە سەر ئەو وەڵاتە و ئاسایشی خەڵكه. نیگەرانی سوپای پاسدارانی ئەوەش نییه كه هێزە ئیسلامی و سەلەفییەكان له كوردستانەوه دزە بكەنه ناو ناوچەكانی تری ئێران، چونكه ئیستا لە كوردستانی ئێران سەلەفییەكان به تەواوی له كۆنترۆلی سپادان و وەكو ئامرازێك بۆ ترساندنی خەڵك جارو بار ڕێگایان پێ دەدرێت كە خۆیان نیشان بدەن. لە كوردستانی عێراقیش سەلەفییەكان زۆر كز و لاوازن و هەرچی هێزی ئیسلامیش هەیە پێوەندی باشی لە گەڵ كۆماری ئیسلامی هەیە. كەواته چی دەمنێتەوە كە پاش ٣٧ سال كۆماری ئیسلامی هەروا لێی دەترسێت و به ناوی نەبوونی "ئاسایش" له كوردستان ئەم ناوچەیەی میلیتاریزه كردووه؟ خوۆ هێزی پیشمەرگەش، بە پێ سیاسەتی حیزبه سیاسییەكان چالاكی نیزامی له خۆ نانوێنن و ئەگەریش لایەنێك ئاوا سیاسەتێك ڕەچاو بكات ئەوا، بە قسە فەرماندەكانی سوپای پاسداران ناتوانن گیروگرفتێكی جیدی دروست بكەن. هەربۆیه بێجگه لە خەڵكی ناڕازی و وەگیان هاتووی كوردستان، خەڵكێك كه كوماری ئیسلامی ژیان و گوزورانی لێ تال كردون و مافە ڕەواكانیان هەر روژە پێ شێل دەكات، هیچ لایەنێكی تر مەترسی جدی له سەر ئاسایشی كۆماری ئیسلامی له كوردستان نییه. كۆماری ئیسلامی زۆر باش دەزانێت كه خەلكی كوردستان بە گشتی باوەڕییان بەم ڕژیمه نییه، زۆر باش دەزانێت كە ئەم خەڵكه وازیان لە مافەكانی خۆیان نەهێناوە و ئیستایش بە شێوەی جوراوجور هەوڵێ دەستەبەركردنی مافەكانیان دەدەن. ڕژیمی ئیسلامی زۆر باش دەزانێت كە خەڵكی كوردستان سپای پاسداران و هێزە نیزامییەكانی تری كۆماری ئیسلامی لە كوردستان بە هێزێكی بێگانە، داگیركەر و سەركوتگەر دەناسن. خەڵك لە بیریان نەچۆتەوە كە ئەرتەش و سپای پاسداران گەلێك جەنایەتیان لە كوردستاندا خولقاندووە و گەلێك ئاسەواری وێرانكەریان لە میژوی داگیر كردنی كوردستان بە شوێن خۆیاندا بە جێ هێشتووه. لەم ڕووەوەیه كه كوردستان لە ڕوانگای ئەوانەوە ناوچەیێكی ئەمنییەتییه و كراوە به پادگانێكی گەورەی نیزامی.

ئێستا ئەم هێزە داگیركەر و سەركوتگەره بەم پێشینەوه بە نیازە لە پال هەموو قەرارگا و پادگانه نیزامییەكانییەوه، كە بۆ دابین كردنی ئاسایشی خۆی دایمەزراوندون، قەرارگایێكی تر له ژێر ناوی "ئاودان كردنەوەی كوردستان" دابمەرزینێت! كوردستانیك كە ٣٧ سالە ئەم هێزە و رژیمەكەی گەلێك جەنایتیان تێیدا خولقاندوه، كوردستانێك كه ٣٧ ساڵه قارەمانانە له دژی هەموو ڕژیمی ئیسلامی خەبات دەكات و بەرەنگاری كەم وێنەی له خۆی نیشان داوه و كوردستانێك كه هەر ئێستاش ترس نیگەرانی دەخاته جەستەی ئەم ڕژیمه كۆنەپەرستەوه چۆن دەتوانێت بەو ئاسانییه ببێته شوێنی دابین كردنی ئاسایش بۆ ڕژیم. هەر بۆیه ئەم ڕژیمەش هیچكات نە دەتوانێت و نە دەیهەوێت ئەم ناوچەیه، به واتەی ڕاستییانەی وشه، ئاوەدان بكاتەوه. دەبینین كه دوای ٣٧ سال كوردستان هیشتا وەك ناوچەی مەحروم و پەراوێز خراو دەناسرێت. لەم ناوچەیه نە شوێنی بەرهەمهێنانی پیشەسازی هەیه و نە كشت و كاڵ رەونەقی پەیدا كردووه، نە ڕێگا و بان بوژاوەتەوه و نه بیناسازی سەروسامنی گرتووه له جیاتی بوژاندنەوه ڕێگاوبانی ئەم ناوچەیه بووەته قەتلگای خەلك. هەر لەم دوایانەدا قایم مەقامی ڕێگا و بان و شارسازی كوردستان ڕای گەیاند كە لادێكانی كوردستان پلەی ئاخریان له بەهرەمەند بون لە جادە و رێگا و بانی قیرتاوكراو له ئاستی ئیران دا هەیه. لە كوردستان شوێنی خویندن له ئاستی سەرەوه بوونی نییه و ئاستی ناوەندەكانی تری فێركردن و بارهێنان لە ئاستی پێویستدا و له بەراورد له گەڵ ژمارەی دانیشتوانی كوردستانە یەكجار زۆر له خوارەوەیه. عەلەوی، بە ناو نوینەری شاری سنە، كامیاران و دیواندرە، دەڵێت لە كوردستان جگە لەوەی كە خویندكاران دەردەكرین، تەنیا ٢٠٠ میتری چوارگۆشه زەوی بۆ زانست و فەناوەری تەرخان كراوە، لە حالێك دا لە ئیسفەهان ئەم ڕادەیه پتر له ٢٠٠ هكتارە. هەروەها له كوردستان نە بهداشت جوابدەرەوەی پێداویستییەكانی خەڵكە و نه پاكوخاوێنی گشتی ناو شار و لادێكان. لە جیاتی هەمووی ئەم پێداویستییانه دیاری كۆماری ئیسلامی بۆ كوردستان بەرز بونەوەی پڵەی بێكاری، ڕوكردنی لاوان لە كوڵبەری و كەوتنە بەر كەمین و كوشتن و ئەزیەت و ئازاردان لە لایەن سپای پاسدارانەوە، پەرەسەندنی له سێدارەدان، پەرەسەندی ماده هۆشبەرەكان و گەڵێك گیرو گرفتی تر بووە. هەر بۆیه كوماری ئیسلامی نە دەیهەوێت و نە دەتوانێت ئەم گیرو گرفتانە چارە سەر بكات، ئاسایش بەدی بێنێت و ئاوەدانی بخوڵقێنێت. ئەم ڕژیمه هەروا لە چاوی خەڵكی كوردستانەوه نفرەت لی كراوە و ئاسایشی بەردەوام له مەترسیدا دەبێت.

ئەڵبەت سەرەڕای ئەمه دەبێ هەروا گوشار بخرێتە سەر دام و دەزگاكانی ڕژیمی ئیسلامی تا پێداویستییەكانی ژیان و گوزەرانی خەڵك دابین بكردریت. ئەم گوشارانە، یان بە واتایێكی تر ئەم ئیعترازو نارەزایەتی و ئەم دەسكەوتە چكولانە كە لەم ڕێگایەوه دەتوانرێت بە دەست بێن، رێگای سەركەوتنی یەكجاریمان بۆ هەموار دەكات. كۆماری ئیسلامی كوسپی سەرەكی سەر ڕێگای ژیانێكی ئینسانی و بەختەوەرانەیە. ئەم كوسپە دەبی وەلا بنرێت، بەڵام ئەمە تەنها ئەركی خەڵكی كوردستان نییە، بەڵكوو كرێكاران و خەڵكی زەحمەتكێش لە سەراسەری ئێران هاوچارەنووسی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێشی كوردستانن. ئەوانیش، جیاواز لەوەی كە خەڵكی كوێن، به كام زمان قسه دەكەن و كام ئایین و مەزهەبییان هەیه، ژیان و گوزەرانیان لە ژێر دەسەڵاتی كوماری ئیسلامی دا وێران بووه. گرێدانی خەباتی و تێكۆشان لە كوردستان ڵە گەڵ خەبات و تێكۆشانی سەراسەری هەنگاوەكان بە هێزتر دەكات و ڕێگا خوش دەكات تا بە ئامادەگیەوە كۆتایی بەم هەلومەرجه دژوارەی لە ژیان بێنین و كۆماری ئیسلامی به زبڵدانی مێژوو بسپێرین.

  • تاریخ 19.12.2016