ارسال

ده‌ستبه‌سه‌ركرانی چوار هاوڵاتیی له‌ ئیلام، شنۆ و پیرانشار


2018-01-14| ۱۳۹۶-۱۰-۲۴

‎به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێمۆكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ڕژیم له‌ شاره‌كانی، ئیلام، شنۆ و پیرانشار، چوار هاوڵاتیی به‌ تۆمه‌تی "هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ حیزبه‌ نه‌یاره‌كانی ڕژیم" ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕاپێچی شوێنێكی نادیار كردووه‌.
به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، ڕۆژی ٢٣ی به‌فرانبار هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ڕژیم له‌ شاری ئیلام هاوڵاتییه‌كایان به‌ناوی "غوڵامڕه‌زا قه‌نبه‌رپوور" به‌ تۆمه‌تی "هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ حیزبه‌ نه‌یاره‌كانی ڕژیم"ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕاپێچی شوێنێكی نادیار كرد. شایانی باسه‌ ناوبراو پێشتریش له‌ ساڵی ١٣٩١ به‌هه‌مان تۆمه‌ت ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش تپێه‌ڕكردنی قۆناغه‌كانی لێپرسینه‌وه‌ به‌ قه‌راری وه‌سیقه‌ له‌زیندان ئازاد كرابوو. هه‌روه‌ها ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ١٧ی به‌فرانبار كارمه‌ندێكی نه‌خۆشخانه‌ی پیرانشار به‌ناوی "ناسێح خالیدی" ٣٠ ساڵ ته‌مه‌ن، به‌هه‌مان تۆمه‌ت له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ڕژیمه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و گواسترایه‌وه‌ بۆ شوێنێكی نادیار. پێشتریش هاوڵاتییه‌ك به‌ ناوی "محه‌ممه‌د ئیبراهیمی" ته‌مه‌ن ٥٠ ساڵ و دانیشتووی ئاوایی "كۆنه‌لاجان"ی سه‌ر به‌ پیرانشار له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕاپۆرته‌كان له‌ شاری شنۆ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ڕژیم ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ١٢ی به‌فرانبار هاوڵاتییه‌كیان به‌ناوی "مه‌نووچێهر حه‌میدزاده‌" دانیشتووی گه‌وره‌ شاری "ورمێ"یان له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵی یه‌كێك له‌ ئاشناكانیان له ‌شنۆ به‌تۆمه‌تی "هه‌واداری له‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان"ی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌.

دوایین هه‌واڵه‌كان